ئیسرائیل جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ئێران دەکات

ماڵپەڕێكی ئەمریكی بڵاویكردەوە، جارێکی دیکە ئیسرائیل بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەنجام دەدات.

ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكی، لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلەوە، کە ناوی نەهێناوە بڵاویكردووەتەوە، وڵاتەكەی هۆشداری بە ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی داوە، ئەگەر ئێران یۆرانیۆم لەسەرو ڕێژەی ٦٠٪ بپیتێنێت، ئەوە ئاستێكی مەترسیدارە و ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی ئیسرائیل ببێتەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەیی ئیسرائیل جەختیشیكردووەتەوە، وڵاتەكەی سەبارەت بە بەروپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران زۆر نیگەرانە و لە ماوەیی ڕابردووشدا، چەندین جار بە ئاشكرا و بەشێوەی تایبەتیش لەبارەی هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، هۆشداری داوە.

وتیشی: وڵاتەكەی نایەوێت هێڵێکی سوور بۆ بەرنامەی ئەتۆمییەكەی ئێران و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دابنێت، چونكە دەستنیشانكردنی هێڵی سوور بۆ تاران ئەو هەستەی پێدەدات، كە دەتوانێت یۆرانیوم تا نزیك ئەو بڕە بپیتێنێت، کە بۆی دەستنیشانکراوە، بەو پێیەش بڕێكی زیاتر یۆرانیوم نزیك ئەو بڕەی، كە لە بۆمبە ئەتۆمیەكاندا بەكاردەهێنرێت لە كۆگاكانی هەڵدەگرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، هەر بەم هۆیەوە وڵاتەکەی هۆشداری بە ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپی داوە، كە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیوم بۆ ٦٠٪ و زیاتر، هەنگاوێكە، كە دەبێتە هۆی هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی كۆماری ئیسلامی.

بە گوێرەی ماڵپەڕەکە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پێیان وایه، پەیامی هۆشداریی بنیامین ناتانیاهۆ لەو بارەیەوە بە کاربەدەستانی ئێران گەیشتووەتەوە و تارانیش به ڕوونی له هەڵوێستەکانی ئیسرائیل و هێله سوورەکانی گەیشتوه .

ئەو بەرپرسە دووپاتیشیكردووەتەوە، دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بەردەوامە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ بڵاویكردەوە، ئێران ٨٧.٥ كیلۆگرام یۆرانیۆمی بە ڕێژە ٦٠٪ پیتێنراو، لە کۆگاکان هەڵگرتووە و بە وتەی شارەزایان ئەگەر بێت و بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ٩٠٪ بەرزبكرێتەوە، دەتوانرێت لانیكەم بومبێكی ئەتۆمی پێ دروست بكرێت.

دروستکردنی بۆمبێكی ئەتۆمی پێویستی، بە لانیکەم ١٥ کیلۆگرام لەو یۆرانیۆمە هەیە، کە ڕێژەی پیتاندنەکەی لە ٩٠٪ کەمتر نەبێت.

ئاژانسەکە هەروەها ئاشکراشی کردبوو، شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی ٨٤٪ لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆدا دۆزراوەتەوە و داوای لە ئێران كرد، ڕوونكردنەوە لەوبارەیەوە بدات، لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند، بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بەو ڕێژەیە بە ئەنقەست نەبووە و بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە، بڕێکی کەم بەو ڕێژەیە پیتێندراوە.

ڕ.ڕ

Comments are closed.